Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:19

وه‌زاره‌تی زانیاریی سووریا هاتنی سه‌ربازانی چین بۆناو خاکی وڵاته‌که‌ی ره‌تده‌کاته‌وه‌

هێزێكی تایبه‌تی سه‌ربازیی چین به‌ناوی پڵنگه‌كانی شه‌و هاتوونه‌ته‌ به‌نده‌ری ته‌رتووسی رۆژئاوای سووریا
وه‌زاره‌تی زانیاریی سووریا هاتنی سه‌ربازانی چین بۆناو خاكی وڵاته‌كه‌ی ره‌تده‌كاته‌وه‌
کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی زانیاریی سووریا رۆژی رابردوو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ هه‌واڵی هاتنی سه‌ربازانی چینی بۆناو خاكی وڵاته‌كه‌ی دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.

رۆژی هه‌ینی ژماره‌یه‌ك راگه‌یاندن و به‌تایبه‌تی ماڵپه‌ڕی به‌شی عه‌ره‌بیی ئاژانسی سپۆتنیكی رووسیا له‌سه‌ر زاری كه‌ناڵی سانا كه‌ راگه‌یاندنی فه‌رمیی سووریایه‌، گواستیانه‌وه‌ كه‌ هێزێكی تایبه‌تی سه‌ربازیی چین به‌ناوی پڵنگه‌كانی شه‌و بۆ به‌شدرایی له‌ پێكدادانه‌كانی ناوچه‌ی غۆته‌ی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق، هاتوونه‌ته‌ به‌نده‌ری ته‌رتووسی رۆژئاوای سووریا.

مانگی رابردوو كه‌ به‌سینه‌ شه‌عبان جێگری به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی په‌كینی كرد و دیداری ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌م وڵاته‌دا، له‌وساوه‌ گومانی هاتنی سه‌ربازانی چینی بۆ سووریا به‌هێز بووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵانه‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی دیمه‌شق و په‌كین پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

گومانی هاتنی سه‌ربازانی چینی بۆناو سووریا له‌كاتێكدا زیادیكردووه‌ كه‌ په‌كین له‌ سه‌ره‌تای قه‌یرانی سووریاوه‌ سه‌رباری هه‌وڵدان بۆ ڤیتۆی ژماره‌یه‌ك له‌ بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كه‌ له‌ دژی ئه‌سه‌د ده‌ركراون، پشتیوانییه‌كی سه‌ربازیی یان سیاسیی به‌رچاوی له‌ دیمه‌شق نه‌كردووه‌.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ چاودێران هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو چه‌كداری ئۆیغور كه‌ چوونه‌ته‌ پاڵ گروپه‌ جیهادییه‌ جۆراوجۆره‌كان، په‌كینی نیگه‌ران كردووه‌.


ژماره‌یه‌ك له‌ شرۆڤه‌كارانی سیاسیش پێیانوایه‌ كه‌ ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ربازانی رووسیا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی ته‌رتووس، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بووبێت به‌ مایه‌ی نیگه‌رانی به‌شار ئه‌سه‌د و له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ نیازی هه‌بێت به‌دوای هاوپه‌یمانی نوێدا بگه‌ڕێت.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆنیوز

مه‌سعود / كوردستان تیڤی

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.