Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:04

ئه‌مریکا: سه‌پاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ناسنامه‌ی ناوچه‌ ناکۆکی له‌سه‌ره‌کان ناگۆڕێ

ئه‌مریكا داوای سنوورداركردنی جووڵه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات
کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایده‌گه‌ێنێ، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌ند ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو و سه‌قامگیر و دیموكراسی و فیدراڵی. پابه‌ندیش ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ سه‌باره‌ت به‌و راپۆرتانه‌ی باسی پێكدادان له‌ ده‌روبه‌ری شاری ئاڵتوون كۆپری له‌ باكووری عێراق ده‌كه‌ن. ئێمه‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێریی ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ین و داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو تووندوتیژییه‌ك و جووڵه‌ی ئیستیفزازی رابگرن. داواش ده‌كه‌ین هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌ جووڵانه‌وه‌كانیاندا بۆ ئه‌وه‌ی هێمنی بگه‌ڕێننه‌وه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ ده‌شڵێ: بۆ ئه‌وه‌ی خۆ لابدرێت له‌ هه‌ر لێكتێنه‌گه‌یشتنێك یان پێكدادانی زۆرتر، هانی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ده‌ین كه‌ ره‌وشه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ سنوورداركردنی جووڵه‌ی هێزه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان بۆ ته‌نیا ئه‌و جووڵانه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌هاویشترێن. ئێمه‌ پشتگه‌رمین به‌و رێنماییانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی داویه‌ته‌ هێزه‌ فیدراڵییه‌كان بۆ پاراستنی خه‌ڵكی هاووڵاتیانی كوردستانی عێراق و ئیستیفزازنه‌كردنیان بۆ دروستكردنی پێكدادان.

به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی به‌سه‌ر ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ هۆی گۆڕینی ناسنامه‌ی ئه‌و ناوچانه‌. واته‌ ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ر ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر ده‌مێننه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی چاره‌نووسیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ چاره‌سه‌ر، هانی ته‌واوه‌تییان ده‌ده‌ین كه‌ له‌ بواری ئاسایش و به‌ڕێوه‌بردندا پێكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌و ناوچانه‌دا. بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌مه‌، ده‌بێ ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن له‌ دیالۆگدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، وه‌ك چۆن سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی ئه‌مه‌ی وه‌ك پێشنیازكردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ راگه‌یه‌ندراو ئه‌مه‌ی قبوڵكردووه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌ند ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو و سه‌قامگیر و دیموكراسی و فیدراڵی. پابه‌ندیش ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر كاركردن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ناوه‌ند و حكومه‌ته‌ هه‌رێمییه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌سته‌وه‌رییه‌كان و خۆلادان له‌ پێكدادانی زیاتر و هاندانی دیالۆگ.

كوردستان تیڤی

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.