Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 20:06

سنوور داناخرێت و هه‌نارده‌ى نه‌وتی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

گه‌وره‌ كۆمپانیاكانى نه‌وت له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن و دنیاى سیاسه‌تى ئه‌مڕۆش ئابورى ئاڕاسته‌ى ده‌كات
کوردستان TV
#4
100%

وڵاتى توركیا بڕێكى نه‌وتى له‌ناوخۆى وڵاته‌كه‌یدا هه‌یه‌، به‌جۆرێكه‌ له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كاندا هیچ پێگه‌یه‌كى نییه‌ و ته‌نانه‌ت پێویستى ناو خۆى توركیاش پڕ ناكاته‌وه‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا وڵاتى توركیا به‌رده‌وام پێویستى به‌ هاورده‌ى بڕێكى زۆر له‌ وزه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ ئێستا له‌ ریزبه‌ندى 16 هه‌مینه‌ له‌ گروپى 20 وڵاتانى زلهێزى ئابورى و به‌رده‌وام پێویستى به‌ به‌ره‌و پێشچوونه‌ و پیشه‌سازى به‌ره‌و پێش ده‌بات،شه‌ماڵ نورى ئابوریناس و رۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت"  ئه‌م به‌ره‌و پێش چوونه‌ى وڵاتى توركیا حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ پێویستى  به‌ سه‌رچاوه‌ى له‌ بن نه‌هاتووى ووزه‌ هه‌یه‌،نزیكترین بازاڕیش بۆ ئه‌و وڵاته‌ كوردستانه‌، چونكه‌ له‌ هاورده‌دا تێچووى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ زۆر كه‌متره‌ به‌به‌راوورد به‌ وڵاتانى دیكه‌".

 

شه‌ماڵ نورى وتیشى " وڵاتى توركیا جێگره‌وه‌ى نه‌وتى كوردستانى نییه‌، ئاشكرایه‌ ئه‌گه‌ر په‌نا بۆ روسیا ببات زۆر زه‌حمه‌ته‌ روسیا پشت له‌ كورد بكات هه‌روه‌كو چۆن روسیا به‌رده‌وام پشتگیرى شۆڕشه‌كانى كوردى كردووه‌ و هه‌رگیز پشتى به‌رنه‌داوین، ئه‌سته‌مه‌ ئێستا پشتمان به‌ربدات، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ روسیا ئێستا به‌رژه‌وه‌ندى ئابورى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ كورددا هه‌یه‌ و  كۆمپانیاكانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و گازى روسى له‌ كوردستان ئیش ده‌كه‌ن".

وڵاتى توركیا داواى له‌ ئێران كردووه‌ نه‌وتى بۆ دابین بكات به‌ڵام ئێران ناتوانێت نه‌وت بداته‌ توركیا، شه‌ماڵ نورى ده‌ڵێت" توركیا داواى كردووه‌ ئێران نه‌وتى پێبدات به‌ نرخى هه‌رزان، به‌ڵام ئیچران ناتوانێت له‌به‌رئه‌وه‌ى بیره‌ نه‌وته‌كانى ئێران له‌ دوورى وڵاتى توركیایه‌ و به‌كه‌متر له‌ نرخى بازاڕیش نایفرۆشێت".

 

وڵاتى توركیا له‌ بابه‌تى وزه‌دا ته‌نیا له‌یه‌ك رووه‌وه‌ قازانج له‌ ئێمه‌ ناكات به‌ڵكو نه‌وتى خاومان لێده‌كڕێت و له‌ به‌رانبه‌ردا گاز و به‌نزینمان بۆ ده‌نێرێته‌وه‌، واته‌ له‌ دوو رووه‌وه‌ قازانج ده‌كات، ئه‌و ئابوریناسه‌ ده‌ڵێت" توركیا له‌ هه‌وڵدایه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى وزه‌ له‌ جیهاندا ئه‌گه‌ر نه‌وتى كوردستان رابگرێت ئه‌وا متمانه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا له‌ده‌ست ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و سه‌ركێشییه‌ گه‌وره‌یه‌ ناكات و نه‌وتى كوردستان راناگرێت و ده‌روازه‌كان داناخات چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌روازه‌كانى داخست و رێگه‌ى له‌ نه‌وتى كوردستان گرت، ئه‌وا رێگه‌ له‌ نه‌وتى عێراقیش ده‌گیرێت".

 

ئه‌و ئابوریناسه‌ له‌ كۆتاییدا وتیشى" گه‌وره‌ كۆمپانیاكانى نه‌وت له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن و دنیاى سیاسه‌تى ئه‌مڕۆش ئابورى ئاڕاسته‌ى ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ رێی تێناچێت به‌ هیچ جۆرێك ده‌روازه‌ سنورییه‌كان دابخرێن، یان هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستانت بوه‌ستێنرێن".

ده‌زگاى سه‌ته‌لایتى كوردستان: ئارام كاكه‌خان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.