لیژنەی خەڵاتی (نۆبڵ)ی ئاشتی لە وڵاتی نەرویج، ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی خەڵاتەكەی بۆ ساڵی 2026 بەخشییە دادوەر و چالاكوانێكی ئەفریقیای باشوور، لەبەرامبەر هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان لە تەواوی جیهاندا.
لیژنەكە كە بارگاكەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، ئەمڕۆ هەینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2026ی بەخشییە ناڤاتانام پیلای ناسراو بە (ناڤی پیلای) چالاكوان و یاساناس و دادوەر لە ئەفریقیای باشوور و دادگای نێودەوڵەتیی داد.
لیژنەكەی هەروەها رایگەیاند: بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە ناڤی پیلای لەبەرامبەر هەوڵە ناوازە و بەردەوامەکانی دێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی.
ناڤی پیلای یەکەم ئافرەتی ڕەشپێست بووە لە ئەفریقیای باشوور كە نووسینگەی پارێزەرایەتی بکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە زیندانییانی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزی.
ناڤی پیلای لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014 کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ بووە لە رێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستاش دادوەری کاتییە لە دادگای نێودەوڵەتیی داد.
بڕیارە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كە بریتییە لە 12 ملیۆن كڕۆنی سویدی (1.2 ملیۆن دۆلار)، لە ڕۆژی 10ی كانوونی یەكەمی داهاتوو لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەفەرمی ناڤی پیلای ببەخشرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.