Erbil 31°C شەممە 03 تشرینی یەکەم 00:46

ئاسایشی سعوودیە دەنگۆی "تەقینەوەی خۆکوژی" لە حەرەمی مەککە بەدرۆ دەخاتەوە

100%

دەسەڵاتە ئەمنییەکانی سعوودیە پڕوپاگەندەی ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە کردەیەکی تیرۆریستیی خۆکوژی لە حەرەمی مەککە ڕوویدابێت و ڕایدەگەیەنن، ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین.

بەپێی بەیاننامەیەکی ئاسایشی گشتیی سعوودیە، ئەو کەسەی کە گیراوە تەنیا بووەتە هۆی دروستکردنی ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتیان و ترس و تۆقاندنی بەشێک لە ئامادەبووان، دەسەڵاتە ئەمنییەکان بەخێرایی بەدەم ڕووداوەکەوە چوون و ناوبراویان دەستگیر کردووە و ڕەوانەی داواکاری گشتییان کردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی کۆن بڵاوکراوەتەوە و بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵێکی تەقینەوەی خۆکوژییان لە حەرەمی مەککە پووچەڵ کردووەتەوە. بەڵام ئاسایشی سعوودیە جەختی کردەوە کە ئەو زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2017، کە تێیدا هاووڵاتییەکی سعوودیی تووشبوو بە نەخۆشیی دەروونی، لە نزیک کەعبە هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو، نەک تەقینەوە بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو.

دەسەڵاتە ئەمنییەکان داوایان لە هاووڵاتیان و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کردووە کە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست ڕابگرن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.