ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕووسیا لە ڕێگەی هێرشی فرەجۆرەوە هەوڵ دەدات ئەوروپا بترسێنێت و پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراینا کەم بکاتەوە، بەڵام ئەو ستراتیژە سەرناگرێت و ئەوروپا چاوترسێن نابێت.
ماکرۆن لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕووسیا تەنها بە چەکی سەربازی شەڕ ناکات، بەڵکو پەنا بۆ هێرشی سایبەری، چالاکیی تێکدەرانە و پشێوی نانەوە لە فڕۆکەخانە و دامەزراوە هەستیارەکانی ئەوروپادا دەبات. وەک نموونەش باسی دۆزینەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی لە فڕۆکەخانەی "لایپزیگ"ی ئەڵمانیا کرد کە ئامانج لێی بڵاوکرنەوەی ترس بووە لە ناو خەڵکدا.
سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی ڕاشکاوی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و گوتی: "ئەو هێرشانە نەک هەر لاوازمان ناکات، بەڵکو یەکڕیزیی ئەوروپا بەهێزتر دەکات، چونکە ئێمە دەزانین ئاسایشی داهاتووی ئەوروپا لە ئۆکرایناوە بەندە و ڕێگە نادەین ڕووسیا بەم سیاسەتە بگاتە ئامانجەکانی".
لە کۆتاییدا ماکرۆن هۆشداری دا و گوتی، ئەم جۆرە کردەوانە بێ وەڵامی ئەوروپییەکان نابێت و ڕووسیا بە بەردەوامبوونی لەم ڕێگەیە، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بەرامبەر خۆی و جیهان دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.