ڕۆژنامەی (Financial Times) لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان، بەشێوەیەکی دووبارە داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کار بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و دامەزراوە وزەییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئیسلام ئاباد بە تارانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ڕیاز بە فەرمی داوای هاوکاری بکات، پاکستان ناچار دەبێت بەپێی پەیماننامەی بەرگریی مەککە بەرگری لە شانشینی سعودیە بکات.
دیپلۆماتکارێک بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو هەوڵانەی سعوودییە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی لە وڵاتانی ناوچەکەدا داویەتی، تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا نە ڕیاز و نە حوسییەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا بەدی ناکرێت بچنە سەر مێزی دانوستان.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان حوسییەکان و سعودیە لە بەرزبوونەوەدان و پاکستان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێران و سعودیە، ڕێگری لە ئاڵۆزیی زیاتر بکات، بەڵام پێدەچێت کێشەکان قوڵتر بن لەوەی بە ئاسانی چارەسەر بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.