سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆس نەفتی ڕووسی ڕایگەیاند، ڕووسیا و چین پێکەوە سێیەکی کۆی وزەی بەرهەم هاتوو لە جیهاندا دابین دەکەن.
ئیگۆر سێچین سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆس نەفتی ڕووسی، لە میانی گوتارێکیدا لە هەشتەمین خولی کۆڕبەندی بازرگانیی وزەی ڕووسی-چینی، کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی ڕۆژهەڵات لە ڤلادیڤۆستۆک بەڕێوەدەچێت، ئاماژەی بەوە کرد: ڕووسیا و چین سێیەکی وزەی جیهان بەرهەم دەهێنن، کە ساڵانە هاوتایە بە 4.3 ملیار تۆن لە هاوتای نەوت.
ئەمڕۆ کارەکانی هەشتەمین کۆڕبەندی بازرگانیی وزەی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد، کە لە ساڵی 2018ـەوە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و شی جین پینگ سەرۆکی چین بە شێوەیەکی ساڵانە ڕێکدەخرێت. ئەم کۆڕبەندە لەژێر چاودێریی لیژنەی سەرۆکایەتی بۆ ستراتیژیی پەرەپێدانی کەرتی سووتەمەنی و وزە، و بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی وزەی چین بەڕێوەدەچێت.
کۆمپانیاکانی ڕۆس نەفت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چین (CNPC) بەشدارن لە ڕێکخستنی ئەم کۆڕبەندەدا، کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووریی ڕۆژهەڵات دێت و بڕیارە هەر ئەمڕۆ کارەکانی کۆتایی پێبهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.