وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی پێویست بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر و دەوروبەری دا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاب، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە ژێرخانییەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا ڕەزامەندیمان نیشان دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەم پڕۆژانە کە لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو دابین کراون، سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارۆچکەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە. گرنگترین پڕۆژە پەسەندکراوەکان ئەمانەن:
1. درێژکردنەوەی تۆڕی ئاو لە کۆڵانە لاوەکییەکانی گەڕەکی 8ـی حەسارۆک.
2. گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ گەڕەکی مەریوان لە کەرتی 8ـی حەسارۆک.
3. دانانی سیستەمی فێنککەرەوە پانکەی کارەبایی و نۆزڵی ئاو بۆ بازاڕی قەیسەریی کۆنی هەولێر.
4. گۆڕین و نوێکردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی بەهاری نوێ.
5. گۆڕین و نوێکردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی ئازادی.
6. نۆژەنکردنەوەی شەقامی بنەسڵاوە - کەسنەزان، کە بە شەقامی هەززە ناسراوە.
7. خەرجکردنی گوژمەیەک بۆ جێبەجێکردنی پلانی ماستەرپلان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە هەولێر.
8. کۆنکرێتکردنی چەندین شەقامی ناوخۆیی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکە.
9. نۆژەنکردنەوەی شەقامە دووسایدەکان و ڕێگە ناوخۆییەکانی سنووری شارەوانیی کەسنەزان.
10. کۆنکرێتکردنی چەند کۆڵانێک لە نزیک پردی تەقتەق و گەڕەکی ڕزگاری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.