Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 17:30

ئەمریکا بەهۆی هاوکاریی ئێرانەوە سزای لقی بانکی میسر لە ئیمارات دەدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە هەوڵی ئەوەدایە دەستڕاگەیشتنی لقی بانکی میسر لە ئیمارات بە سیستمی دارایی خۆی بپچڕێنێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو لقە بۆ ئێران پارەی سپی کردووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاب، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند،  لقی بانکی میسر لە ئیمارات، یەکێک لە ڕێڕەوە گرنگەکانی دەستڕاگەیشتنی ئێرانە بە دۆلار، هەروەها هەندێک لە کڕیارانی ئەو بانکە، کۆمپانیا ڕواڵەتییەکانن کە وەزارەتی بەرگریی ئێران و سوپای پاسداران بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان و سپیکردنەوەی پارە بەکاریان دەهێنن.

وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، ئەو کۆمپانیایانە بۆ سپیکردنەوەی پارە بە قازانجی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەکار هێنراون.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەو لقە لە کانوونی دووەمی 2024 تا حوزەیرانی 2026، نزیکەی 1.8 ملیار دۆلار مامەڵەی بۆ 103 کۆمپانیا ئەنجام داوە کە پێدەچێت سەر بە تۆڕی بانکداریی سێبەری ئێران بووبن". 

تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە دارایییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (FinCEN)،ئەو لقەی وەک دامەزراوەیەکی داراییی بیانی بە "نیگەرانیی سەرەکیی سپیکردنەوەی پارە" ناساندووە و پێشنیاری کردووە کە دەستڕاگەیشتنی بە هەژمارە کارگێڕییەکان لە دامەزراوە دارایییەکانی ئەمریکادا پچڕێنرێت. ئەم هەنگاوە پێشنیارکراوە تەنیا لقی بانکی میسر لە ئیمارات دەگرێتەوە و چالاکییەکانی ئەو بانکە لە وڵاتانی دیکەدا ناگرێتەوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.