کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، تەیف سامی محەمەد، وەزیری پێشووی دارایی عێراق ئێستا ڤیزای ئەمریکای نییە (هەڵوەشێنراوەتەوە) و ناوی خراوەتە لیستی چاودێریی تیرۆری نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوە.
ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاب، دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقیان هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار بۆ دوورخستنەوەی ئەو کەسانە دەکات کە مەترسین بۆ سەر ئهمهریكا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوز، تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق خراوەتە لیستی چاودێری تیرۆری ئەمریکا و چیتر ناتوانێت بچێتە ناو ئەو وڵاتە، پێدەچێت لە ئێستادا لە دەرەوەی عێراق بێت.
پێشتر یاسادانەرانی کۆماری، جۆ ویڵسۆن و گریگ ستوبی، تەیف سامییان بە ئاسانکاریکردن بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر لە ڕێگەی سیستەمی دارایی عێراقەوە تۆمەتبار کردبوو. لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، دادگایەکی عێراق تەیف سامی بانگهێشت کردووە و ناوی لە لیستی داواکراواندا تۆمار کراوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکانە لە دۆسیەکانی گەندەڵی پەیوەست بە بەرپرسانی باڵای پێشووی حکوومەت کە تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستە کراوە و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن بە فەرمی تەیف سامی خستە لیستی چاودێری توندڕەوی جیهانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.