سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی میسان ڕایگەیاند کە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم فەرمانگە و دادگاکانی سەر بە پارێزگاکەدا بە ڕەسمی کارا کراوە.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆژەی گۆڕانی دیجیتاڵیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دێت کە ئامانجی نوێکردنەوەی سیستەمی دادوەری و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی دادوەری، کاراکردنی ئەم سیستەمە وەرچەرخانێکی گرنگە لە شێوازی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان لەگەڵ ڕێکارە داراییەکانی پەیوەست بە دۆسیە یاساییەکان و مامەڵە فەرمییەکان. لەمەودوا مراجعین دەتوانن بەبێ وەستان لە سەرە و بە شێوەیەکی خێرا، تێچووی مامەڵەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانەوە ئەنجام بدەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کات و شەفافییەتی زیاتر لە پڕۆسە داراییەکاندا.
عێراق لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر فشاری چاکسازییە ئیدارییەکان، دەستیکردووە بە پڕۆسەیەکی فراوانی گۆڕینی سیستەمە کاغەزییەکان بۆ ئەلیکترۆنی لە دامودەزگاکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا. حکوومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئامانجیانە لە ڕێگەی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە، بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە و ڕۆتینی ناو فەرمانگەکان کەم بکەنەوە. ئەم پڕۆژەی پارەدانی ئەلیکترۆنییە، پێشتر لە چەند پارێزگایەکی تریش جێبەجێ کراوە و بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەرجەم دامەزراوە دادوەرییەکانی وڵات بگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.