عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە حکوومتەکەی لە جەنگێکی سەختدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وشککردنەوەی سەرچاوەی گەندەڵكاران. جەختیشی لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامان و پاراستنی سەرمایەی گشتی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە تەها هاتف دیفاعی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەکە کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هاوکاریی هاوبەش و بەدواداچوون بۆ دۆسییەکانی گەندەڵی.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە كردووە کە گەندەڵی مەترسیدارترین ئاستەنگە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی حكوومەتی عێراق دەبێتەوە، بەشی زۆری ئەو گەندەڵییانەش لە پرۆژەکان ئەنجام دەدرێت و ئاشكرا دەكرێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق هەروەها گوتوویەتی کە لەسەر بنەمای (خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن)، ئێستا حکوومەتی عێراق لە سەرجەم پڕۆژە و گرێبەستەكان وردبینی پێشوەختە و پاشوەختە ئەنجام دەدات بە مەبەستی پاراستنی سەرمایەی گشتی وڵات.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانیان بۆ هەوڵەکانی حکوومەت لە بەدواداچوونی گەندەڵکاران کردۆتەوە، ئاماژەیان بە گرنگیی پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاسای دەستەی چاودێریی ناوخۆیی و پێداچوونەوە بە گرێبەستە حکوومییەکانی پێشوودا کردووە کە گومانی گەندەڵی یان زێدەڕۆییان لە تێچوودا لەسەرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.