ئهمرۆ پێنجشەممە 27ی ئاب، هۆڵەندا، پۆڵەندا، ئیسپانیا و سوید داوایان لە یەکێتیی ئەورووپا کرد کە بیر لە بژاردهی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی بانکی ناوەندی ڕووسیا بکاتەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئۆکراینا له جهنگدا.
27 وڵاتی یهكێتی ئهوروپا ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی ڕێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی نزیکەی 200 ملیار یۆرۆ (230ملیار دۆلار) لە پارەی مۆسکۆ بکهن، ئەمەش دوای ناڕەزایەتییەکانی بەلجیکا کە بەشێکی زۆری ئەم سەروەت و سامانانەی تێدایە.
لەبری ئەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پەنایان بۆ چارەسەرێکی تر برد، ئەویش بریتی بوو لە پێدانی قەرز به ئۆکراینا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ لە سەرچاوەکانی خۆیانەوە بۆ ئەوەی یارمەتی کیێڤ بدەن بۆ دابینکردنی کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکەی و بەردەوامبوون لە پڕچەککردنی سوپای وڵاتەکەی.
لە نامەیەکدا کە لەلایەن ئاژانسی "فرانس پرێس"ەوە بڵاوكراوهتهوه، هاتووە، "لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا، تێچووی شەڕەکە زیاد دەکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ڕووسیا بەبێ وەستان".
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەی کە چۆن زیاتر سوود لە سەروەت و سامانی بەستووی ڕووسیا وەربگیرێت بۆ بەرژەوەندی ئۆکراینا.
بەلجیکا کە زۆربەی سەروەت و سامانی بلۆككراوی رووسیای لێیه، پێشتر داوای گەرەنتی لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کردبوو بۆ هاوبەشکردنی هەر پێشهاتێك پێش ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ئەم سەروەت و سامانانەی رووسیا بدرێت.
وهزیرانی دهرهوهی ههر چوار وڵات وەک هەنگاوی داهاتوو، پێشنیار دەکەن شارەزایانی تەکنیکی لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بە ڕاوێژکاری نزیک لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی بژاردەی نوێ تاقی بكهنهوه بۆ ئەوەی چۆن دەتوانرێت سەروەت و سامانی بەستووی رووسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکراینا بەکاربهێنرێت.
لای خۆیهوه، بەرپرسێکی یهكێتی ئهوروپا ڕایگەیاندووه، کە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئێرلەندا ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.