Erbil 31°C ھەینی 28 ئاب 16:39

چین تۆمەتەکانی ئەمریکا بە هاککردنی داموده‌زگاكانی ڕەتدەکاتەوە

کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ پێنجشەممە 27ی ئاب، حكوومه‌تی چین له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ هۆشداری دایە ئەمریکا لە لەکەدارکردنی ناوبانگەکەی بە تۆمەتباری كردووه‌ بە دزەکردنی ئەلیکترۆنی، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دۆمەینانەی ئینتەرنێتیان ڕاگەیاند کە بە گوتەی خۆیان لەلایەن گروپە هاککەرەکانی چینەوە کە دەوڵەتی چینیان له‌ پشته‌ به‌كارهاتووه‌.

وەزارەتی دادی ئەمریکا و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دەستبەسەرداگرتنی ئەو دۆمەینە ئەلیکترۆنییانەیان ڕاگەیاند کە واشنتۆن ده‌ڵێت، لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن گروپێکی هاککردن کە بە "QTFY" ناسراوە بەکارهێنراون، هەروەها دوو پلاتفۆرمی هاککردن بە ناوەکانی "QScan" و "QTRouter".

ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپەکە دامەزراوە ئەمریکییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانە ناسا، یەدەگی فیدراڵی، ئەنجوومەنی پیران و وەزارەتەکانی وزە و داد و تەندروستی.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئەو تۆمەتانەی بە زانیاریی هەڵە وەسف کرد و ئەمریکای بە شێواندن و ساختەکردنی ڕاستییەکان تۆمەتبار کرد.

لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "چین ناڕەزایی توند و دژایەتییەکی توندی خۆی بەرامبەر ئەو پراکتیزە هەڵەیەی ئەمریکا دەردەبڕێت کە چەندین جاره‌ ئه‌مه‌ریكا بە بیانووی نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی له‌ شكۆی چین ده‌دات.

تۆد بلانچ، داواکاری گشتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی لێکۆڵینەوەیان لە بەرنامە زیانبەخشەکانی کۆماری گەلی چین کردووە و دواتر زانیارییه‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین لە وەڵامدا داوای لە واشنتۆن کرد دەستبەرداری سیاسه‌تی تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ی بێ بنه‌ما بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا بە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی دزەکردن و چاودێریکردنی زانیاریی ئه‌لیكترۆنیی ناسراوه‌."

 

زانست و تەکنۆلۆژیا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.