پەیمانگای ڕۆبەرت کۆچ تایبه‌ت به تەندروستی نیشتمانی ئەڵمانیا له ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئەڵمانیا ژمارەیەکی پێوانەیی له ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپا تۆمارکردووە له گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رماوه کە هاوینی ئەمساڵ گەیشتووەتە 15 هەزار و 800 کەس.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین ژمارەی مردن لە گروپی تەمەنی سەروو 75ساڵی تۆمارکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتایی مانگی حوزەیران لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی 9 هەزار و 600 حاڵەتی مردن تۆمارکراوە، کاتێک پلەی گەرما لە وڵاتەکەدا 40 پلەی سەدی تێپەڕاندووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە پەیمانگاکە بڵاویکردووەتەوه، لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی تەمموز و ناوەڕاستی مانگی ئابدا، 4 هەزار حاڵەتی دیکەی مردن بەهۆی گەرماوە تۆمارکراوە.
ڕیکۆردی پێشووتر لە ساڵی 2018 دا هەشت هەزار و 900 حاڵەت تۆمارکرا بوو، بەپێی ئامارەکانی پەیمانگاکە کە ماوەی 10 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی مردنه بەهۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماوه.
جێی باسه ، ماوه‌ی دوو ڕۆژه گۆڕانی کەشوهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ شەپۆلەکانی گەرما لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی حکوومەتی ئه‌ڵمانیا خراوه‌ته‌ڕوو بە سەرۆکایەتی فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا، بەڵام کۆبوونەوەکە نەبووە هۆی ڕاگەیاندنی هیچ ڕێوشوێنێکی نوێ بۆ خۆپارێزی له گه‌رما.
به‌ڵام مێرز ئاماژەی بەوەکردووه، بڕیارە لە ماوەی 12 ساڵی داهاتوودا بڕی 100 ملیار یۆرۆ (116 ملیار دۆلار) لە سندوقێکی تایبەت بۆ ژێرخانی ئابووری و پاراستنی کەشوهەوا ته‌رخان بكرێت.
لە بەرامبەردا ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەڵمانی حکوومەتی ئێستای ئه‌ڵمانیای بە نابەرپرسیار تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە دوای ئه‌و هه‌موو گیانله‌ده‌ستدانه هیچ ڕێوشوێنێكی ئه‌وتوی نه‌گرتووه‌ته به‌ر كه ڕێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رماوه كه‌مبكاته‌وه.
هه‌روه‌ها ڕێکخراوەکە داوای هەموارکردنەوەی یاسایی و دابینکردنی بودجەی تایبه‌تی کردووە بۆ یارمەتیدانی شارەوانییەکان و شارەکان بۆ مه‌به‌ستی چاندنی نەمامی زیاتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌رما و شێی زۆر .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.