دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دانا، کارکردن لە پڕۆژەکە بە فەرمی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاب، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە یاوەریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی شوێنی پڕۆژەکەیان کرد و لە نزیکەوە قۆناغەکانی کارکردنیان بەسەرکردەوە. لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، لەگەڵ گۆران ڕەشید، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، گفتوگۆیان دەربارەی ڕەوتی بەڕێوەچوونی کارەکان و وردەکارییە ئەندازیارییەکان کرد.
دیزاینی مزگەوتی گەورەی بارزانی لەسەر بنەمای ڕەشماڵی کوردی داڕێژراوە، کە تێیدا مۆرکی ڕەسەنی کوردی لەگەڵ تەلارسازیی سەردەمیانە تێکەڵ کراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە،
ڕەنگدانەوەی مێژووی خەباتی بارزانی نەمرە، بە جۆرێک بەرزیی منارەکانی مزگەوتەکە 76 مەترە، کە وەک ئاماژەیەک بۆ 76 ساڵ تەمەنی بارزانی نەمر دیاریکراوە. هەروەها بوونی چوار منارە، وەک ڕەمزێک بۆ ناساندنی مێژوو و ناسنامەی گەلی کورد بە هەر چوار ئاراستەی جیهان لە دیزاینەکەدا جێگیر کراوە.
پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەرێکی فراوان کە زیاتر لە 2,000,000 مەتر دووجایە جێبەجێ دەکرێت. جگە لە شوێنی نوێژکردن، کۆمەڵێک بەشی خزمەتگوزاریی بۆ بۆنە ئایینییەکان، ناوەندی فێربوون و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ دەگرێت. لە تەنیشت مزگەوتەکەش، پارکێکی گەورە دروست دەکرێت کە زیاتر لە 1,000,000 دار و درەخت و گوڵزاری تێدا دەچێنرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین تاڤگە و دەریاچەی دەستکرد، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژینگەی شاری هەولێر دەبێت.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بە دەستی ئەندازیار و دیزاینەرانی کورد نەخشەی بۆ کێشراوە و تەواوی قۆناغەکانی جێبەجێکردنیشی بە توانای ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت. جێی ئاماژەییە، پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردبووەوە کە دروستکردنی ئەم مزگەوتە وەک هێمایەکی ئایینی و نیشتمانی، گوزارشت لە خوداناسی، مرۆڤدۆستی و مێژووی پڕ لە بەرخۆدانی گەلی کوردستان دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.