تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایان لە زانکۆی (هاگن) لە ئەڵمانیا، توێژینەوەیەکیان لە گۆڤاری (Global Challenges) بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ناوی ئەو شوێن و وڵاتانانەیان بڵاوكردۆتەوە کە بەرزترین توانای خۆڕاگرییان هەیە بۆ مانەوە و ڕزگاربوون لە کارەساتە جیهانییەكان وەک چەكی ئەتۆمی و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندە و دەیانی كارەساتی گەورەی دیكە لەسەر گۆی زەوی.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، ئوستڕالیا لە پلەی یەکەمی بەهێزترین ئەو وڵاتانەدا هاتووە بەهۆی ئەوەی کیشوەرێک و دوورگەیەکی سەربەخۆیە، ئەو وڵاتە دەتوانێت بەئاسانی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیدا سنوورەکانی دابخات، جگە لەوەی لە ڕووی خۆراکەوە خۆبژێوە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و پیشەسازی، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم وڵاتە هاوردەکردنی سووتەمەنی و دەرمانە.
لەنێو لیستەکەدا ناوی وڵاتانی نیوزیلەندا، ژاپۆن، سویسرا و ئەرجەنتین هاتووە، بەڵام هەریەکەیان خاڵی لاوازی تایبەت بە خۆیان هەیە.
توێژەران لە زانکۆی هاگن لە ئەڵمانیا باس لەوە دەكەن كە ئامانجیان لەم تۆژینەوە و ڕیزبەندییە دروستکردنی ناوەندی پاڵپشتیی جیهانییە وەک بانکی تۆ و کۆگای خۆراک و ناوەندی بوژانەوە دوای قەیرانەکان، نەک هەواڵی ڕاکردنی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندان بۆ ئەو وڵاتانە.
توێژینەوەکە لە کۆتاییدا ئەوەی خستووەتەڕو کە ئامادەترین وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان بریتین لەو وڵاتە دەوڵەمەندانەی کە جیاوازیی کۆمەڵایەتییان کەمە، هەروها پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵیان بەهێزە، لە ڕووی وزەوە سەربەخۆن و شوێنی جوگرافیان گۆشەگیر و دوورەدەستە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.