Erbil 31°C ھەینی 28 ئاب 01:44

بارهەڵگرێک پێکدادانی لەگەڵ 8 ئۆتۆمبێلدا دروست کرد و چەندین قوربانی لێکەوتەوە

کوردستان TV
100%

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، ڕووداوێکی گەورە و وێرانکەری هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کۆیە لە ناوچەی "کەسنەزان" ڕوویدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بارهەڵگرێکی گەورە کە باری گەچی پێ بووە، بەهۆی پەککەوتنی سیستەمی "برێک"ەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و کارەساتێکی گەورەی خوڵقاندووە.

گۆران سدیق، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند: بارهەڵگرەکە لە ئاراستەی کۆیە بەرەو هەولێر هاتووە، دوای لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی بە لانی کەم 8 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆردا کێشاوە. بەهۆی توندیی پێکدادانەکەوە، 4 لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان گرتووە و بە تەواوی سووتاون.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی و کۆتایی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانی کەم 2 بۆ 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 7 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، کە یەکێکیان کارمەندی هاتوچۆیە و لە کاتی ئەرکدا بووە. سەرجەم بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری کراون.

موقەدەم هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە شوێنی ڕووداوەکەوە داوای لە هاووڵاتییان کرد ڕێگە بۆ تیمەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی و تەندروستی چۆڵ بکەن تاوەکو بتوانن بە خێرایی بریندارەکان و تەرمەکان لە ناو ئۆتۆمبێلەکان دەربهێنن. لە ئێستادا ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کۆیە بەهۆی قەبارەی ڕووداوەکەوە ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆی تێدا دروست بووە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەن.

شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش ئاماژەی بەوە کرد کە توانیویانە ئاگرەکەی ڕووداوەکە کۆنترۆڵ بکەن و لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر خەریکی کردنەوەی ڕێگەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.