Erbil 31°C ھەینی 28 ئاب 22:23

ماکرۆن و بن سەلمان لە پاریس کۆبوونەوە

Kurdistan Ahmed
100%

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، پێشوازی لە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کرد و سەردانەکەی بۆ پاریس بە "قۆناغێکی گرنگ" لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا و سعودیە هاوبەشییەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت.

لە پەیامێکی فەرمیدا، سەرۆک کۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە هاوبەشیی نێوان پاریس و ڕیاز لە بوارەکانی پڕۆژە گەورەکان، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و وەبەرهێناندا زیاتر پەرەی پێ دەدرێت. هەروەها ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان کرد، وەک پاڵەوانێتی جیهانیی یارییە ئەلیکترۆنییەکان (EWC) لە پاریس، وەک بەشێک لەو هەماهەنگییە نوێیەی کە هەردوولا زۆرکاریان تێدا ئەنجامداوە و بە نیازی فراوانکردنیشین.

فەرەنسا و سعودیە خاوەن پەیوەندییەکی ستراتیژیی دێرینن، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، بەرگری و بازرگانی. پاریس سعودیە وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و دابینکردنی سەقامگیریی وزە دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە، سعودیە لە ڕێگەی "دیدگای 2030"ەوە هەوڵ دەدات سوود لە شارەزایی و تەکنەلۆژیای فەرەنسی وەربگرێت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گۆڕینی وڵاتەکەی بۆ ناوەندێکی جیهانیی وەرزش و گەشتیاری. ئەم سەردانەی شازادەی جێنشین لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی و سیاسیی جۆراوجۆر بووەتەوە و پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتری نێوان زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان هەیە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.