Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 23:22

سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی: کوشتنی ڕۆژنامەنووس ئامال خەلیل لەلایەن ئیسرائیلەوە "بە ئەنقەست" بووە و تاوانی جەنگە

100%

سێ ڕێکخراوی دیاری مافی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، کە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە باشووری لوبنان کارێکی "بە ئەنقەست" بووە و پێویستە وەک "تاوانی جەنگ" لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت.

ڕێکخراوەکانی (هیومن ڕایتس ووتش، لێبووردنی نێودەوڵەتی و ئەجێندای یاسایی)، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی جیاواز لەبارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووس (ئامال خەلیل)، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بە ئامانجگرتنی ناوبراو هێرشێکی ڕاستەوخۆ بووە بۆ سەر مەدەنییەکان. هیومن ڕایتس ووتش جەختی کردەوە: "ئەم هێرشانە بە ئەنقەست بوون، ئەمەش وایان لێ دەکات ببنە تاوانی جەنگ."

ئامال خەلیل (42 ساڵ)، پەیامنێری مەیدانیی ڕۆژنامەی "ئەلئەخبار"، لە ڕێکەوتی 22ی نیسانی ڕابردوو لەگەڵ هاوکارە وێنەگرەکەی (زەینەب فەرەج)، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارۆچکەی "تەیری" بوونە قوربانی. ئەو کات دەسەڵاتدارانی لوبنان ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بەوەی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ڕێگریی لە تیمەکانی فریاگوزاری کردووە بگەنە شوێنەکە، کە ئەوەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئامال لە ژێر داروپەردووی خانووەکەدا.

سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی ئەم تۆمەتانەدا ڕایگەیاندووە، کە هێرشەکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیدا بووە بۆ بەئامانجگرتنی دوو ئەندامی سەربازیی حیزبوڵا و کوژرانی ڕۆژنامەنووسەکە لەو چوارچێوەیەدا ڕوویداوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "پێداچوونەوەی سەرەتایی" بۆ ڕووداوەکە ئەنجامدراوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2023ـەوە، تاوەکو ئێستا 15 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی بواری میدیا لە باشووری لوبنان کوژراون. هیبا مرایف، بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "سزا نەدانی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە لوبنان، وای کردووە سوپا بەردەوام بێت لە هێرشە ئاسمانییە نایاساییەکانی بۆ سەر مەدەنییەکان."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.