Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 01:55

یوفا هێرشێکی توند دەکاتە سەر فیفا

100%

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) بە توندی دژی هەوڵەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) دەوەستێتەوە سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنی بەشێک لە مافە بازرگانییەکانی پاڵەوانێتیی کۆمەڵەی جیهانی - مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت.

یەکێتییەکە لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای (ئێکس) بڵاویکردەوە، ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە پلانی فرۆشتنی پشکی مۆندیال دەکەن، بە واتای بەزاندنی هێڵی سوور دێت و دووپاتی کردەوە کە نابێت دەستە کارگێڕییەکانی تۆپی پێ بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ کارێکی لەو شێوەیە ببەن.

یوفا داوای کردووە ئەم بابەتە بەوپەڕی جدییەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک تەنها لەلایەن یەکێتییە نیشتمانییەکانەوە، بەڵکو پێویستە خولەکان، یانەکان، یاریزانان، هاندەران، حکومەتەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: گیانی تۆپی پێ و سیستەمی بەڕێوەبردنی، کاڵایەک نین بۆ بازرگانی پێوەکردن، بەتایبەت کە هیچ شەفافییەتێک نییە لەوەی کێ لەم گرێبەستەدا سوودمەندی دارایی دەبێت. هەروەها یوفا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ لایەنێک خاوەنی تۆپی پێ نییە و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیش مافی فرۆشتنی ئەم یارییەی نییە.

ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی "The Telegraph" بڵاویکردەوە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری فرۆشتنی پشکێکی مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، فیفا پلانیهەیە کۆمپانیایەکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە دابمەزرێنێت و نزیکەی 20% بۆ 30%ی پشکەکانی بفرۆشێت.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.