Erbil 31°C یەکشەممە 26 تەمووز 22:07

ئیسماعیل بەقایی: هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی گەرووی هورمزدا ڕووی نەداوە

100%

دوای دوو ڕۆژ لە دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ نوێنەرانی عومان لە تاران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان هەی بەڵام لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا دروست نەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەمووز، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "ڕۆژانی هەینی و شەممە، چەند خولێکی گفتوگۆ لە نێوان ئێران و عومان لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە تاران بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەردوولا بیروڕایان گۆڕییەوە لەسەر دروستکردنی ڕێکارێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆی سەلامەتی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی ئەم دانوستانەکانەوە گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە بەسوود بوون و پێشکەوتنی تێدا بەدەست هات، شاندی نوێنەرایەتیی عومان ئێوارەی شەممە تارانی جێهێشت، بەڵام ڕاوێژە تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن".

پێشتر هەندێک ڕاپۆرت بڵاوکرابوونەوە کە باس لەوە دەکەن لە دوای دانوستانە چڕەکانی نێوان ئێران و عومان، پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە و ئەگەری هەیە ئێران و عومان بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر دروستکردنی ڕێکارێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ئەم دانوستانانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە ئەمریکا دوای 13 شەوی لەسەریەکی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، لە دوو شەوی ڕابردوودا هیچ هێرشێکی ئەنجام نەداوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.