لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی سووتەمەنی لە پارێزگای هەولێر، هەڵمەتێکی فراوانی پشکنینی ئەنجام دا.
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەممووزی 2026، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین بە سەرۆکایەتی عەقیدی پۆلیس (نیهاد نەوزاد جەمال) و بە یاوەری ئەندامانی لێژنەکە، زیاتر لە 28 بەنزینخانەیان لە ناو شاری هەولێر بەسەرکردەوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە نرخ و ڕێنماییەکان.
لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، ئەو بەنزینخانانەی پابەندی نرخە دیاریکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەبوون بۆ جۆرەکانی (سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ)، ئاگادار کرانەوە و ناچار کران بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان. لێژنەکە هۆشداری توندی دایە خاوەن وێستگەکان کە هەر جۆرە سەرپێچییەک ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی کتوپڕ و تەنانەت داخستنی شوێنەکانیشیان دەبێتەوە.
لێژنەی چاودێری جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە لە پێناو جێبەجێکردنی فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە ئامانجی دابینکردنی سووتەمەنی بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و گرانکردنی نرخێک لە بازاڕدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.