Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 16:13

تاران: لە بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەهواز چوار کەس کوژران

100%

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی هەینی (24ی تەممووزی 2026) ڕایانگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەوروبەری شاری ئەهواز لە پارێزگای خوزستان، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکیی دوژمنی ئەمریکی بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری شاری ئەهواز، چوار هاوڵاتیمان گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون." بەرپرسە ئێرانییەکە ئەم هێرشانەی بە "کردەوەی تیرۆریستی" وەسف کرد.

ئەم پەرەسەندنە خوێناوییە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان 13هەمین شەوی یەک لەدوای یەکی بۆردومانەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران تەواو کردووە. واشنتۆن جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی ئەم هێرشانە تەنها پەکخستنی ئەو تواناکانەیە کە ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا بەکاریان دەهێنێت.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمارکردنی قوربانیی مەدەنی لە ناو جەرگەی شارە گەورەکانی وەک ئەهواز، دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە و فشارێکی زۆر دەخاتە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست. تاوەکو ئێستا سوپای ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانە نەداوە کە لە هێرشەکەی ئەهوازدا کراونەتە ئامانج، بەڵام پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەنها بنکە سەربازییەکان و سەنتەرەکانی فەرماندەیی دەپێکن.

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە توندەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندووە واشنتۆن لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێراندا، زیانی زیاتر بە ژێرخانی ئەو وڵاتە و تەنانەت تارانی پایتەختیش دەگەیەنێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.