Erbil 31°C ھەینی 17 تەمووز 02:28

سووریا وەردەكاری دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەكانە ئاشكرا دەكات كە بڕیاربووە لە عێراقەوە ببرێتە لوبنان

100%

دەسەڵاتدارانی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەممە وردەکاریی پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی قاچاخچێتییان بۆ گواستنەوەی بارێکی زۆری چەکی جۆراوجۆر و تایبەت ئاشکرا کرد، کە لەنێویاندا مووشەکی مەودا درێژ هەن. بەپێی ڕاگەیەنراوەكە ئەم چەکانە لە عێراقەوە هێنراون و ئامادەکرابوون بگەیەنرێنە دەستی چەكدارانی حزبوڵای لوبنانی.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئەم چەكانە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: ئۆپڕاسیۆنەكە دوای چاودێریکردنی بارهەڵگرێكی وەستاو لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدرا کە گومانی لێ کرابوو، دواتریش پاش پشکنین دەرکەوت کە بارەکە مووشەکی مەودا درێژ، مووشەکی ئاراستەکراوی دژەتانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگرتووە.

راشیگەیاند: لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانمان دەریانخستووە کە ئەم بارە چەکە لە عێراقەوە هاتووە و بڕیار بووە بە خاکی سووریادا تێپەڕێت و بەرەو لوبنان بڕوات و بگەیەنرێت بە دەستی چەکدارانی حزبوڵا.

وەزارەتەکە دووپاتیشی كردۆتەوە کە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن خاکی سووریا وەک ڕێڕەوێک بۆ قاچاخچێتیکردنی چەک یان ئەنجامدانی هەر چالاکییەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات یان وڵاتانی دراوسێ بکات، بەکاربهێنرێت.

لای خۆیەوە حزبوڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکی هەموو ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم قسانە تەنیا چیرۆکی هەڵبەستراون و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە و ئامانج لێیان تێکدانی ناوبانگی حزبوڵایە.

لە لایەکی دیکەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی باڵایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی وردی ئەم بابەتە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختیشی کردەوە كە ئەوان هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سووریا دەکەن بۆ ئاگاداربوون لە تەواوی وردەکارییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سنوورە هاوبەشەکان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا بڵاوی كردبووەوە، بارەکە لەناو تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتدا لە دەروازەی سنووریی تەنف لەگەڵ عێراق دەستی بەسەردا گیراوە کە بەرەو شاری بانیاس بەڕێکەوتبوو.

پێشتریش لە کانوونی دووەمی رابردوو بەهەمانشێوە هێزە ئەمنییەکانی سووریا هەوڵێکی دیكەی قاچاخچێتی چەکیان بەرەو سنوورەکانی لوبنان پووچەڵ کردبووەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.