وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پارەدانی پسوولەی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و ماوەی 50 ڕۆژی وەک مۆڵەت بۆ هاوبەشان دیاری کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تەمووز، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو هاوبەشانەی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە ماوەی 50 ڕۆژ دوای دەرچوونی پسوولەکانیان پارەی کارەبا نەدەن، سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکانیان دەپچڕێنێت. گەڕانەوەی کارەبا تەنها دوای دانی تەواوی بڕی قەرزەکان دەبێت و لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە ڕێگەی "ئی-پسوولە"وە کارەبا بۆ هاوبەشەکە چالاک دەکرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارە بۆ چەسپاندنی دادپەروەرییە لەنێوان هاوبەشاندا، چونکە بەشێکی کەم لە هاوبەشان بڕێکی زۆر کارەبا بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی پارەکەی بدەن، ئەمەش بارگرانی بۆ وەزارەت دروست دەکات و کار دەکاتە سەر توانای دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
وەزارەت داوا دەکات قەرزەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکیش بدرێنەوە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو قەرزانەش دەبنە هۆی بڕانی ئۆتۆماتیکی کارەبا. هەروەها زیاتر لە 80%ـی هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو بڕەی پێشتر بە مۆلیدە ئەهلییەکانیان دەدا، جگە لەوەی کارەبایەکی 24 کاتژمێری و پاکیان بۆ دابین کراوە. ماوەی 50 ڕۆژەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پسوولەکە لە سەکۆی دیجیتاڵیی "ئی-پسوولە" دەردەکەوێت. هاوبەشان لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەو هاوبەشانەی هێشتا خۆیان تۆمارنەکردووە دەتوانن خۆیان تۆماربکەن لەڕێگەی ئەم ئامرازانەی خوارەوە:
- سەردانی ماڵپەڕی: runaki.gov.krd
- سکانکردنی کیو ئاڕ کۆد (QR Code)ی سەر پسوولەی کارەبا.
- پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری: 1992
- سەردانی هۆبەکانی فرۆشیاری وزە.
لە کۆتاییدا وەزارەت دووپاتی دەکاتەوە کە "ئی-پسوولە" خێراترین و ئاسانترین ڕێگەیە بۆ پارەدان و گەڕانەوەی کارەبا لە حاڵەتی بڕان بەهۆی قەرزەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.