Erbil 31°C یەکشەممە 12 تەمووز 16:14

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا کرد و سوپاسی هەوڵەکانی کرد

Kurdistan Ahmed
100%

شەوی ڕابردوو، چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا پێشوازی لە پاتريك دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی بۆ ماڵئاوایی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی باڵیۆزی فەرەنسا کرد بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرەی لە ماوەی ئەرکەکەیدا گێڕاویەتی. بارزانی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی پاتريك دۆرێل کرد لەپێناو برەودان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی داهاتوودا.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا سوپاسی  نێچیرڤان بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەماهەنگی و پاڵپشتییە بەردەوامەی لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە، کە هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ سەرخستنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی. پاتريك دۆرێل جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خوازیارن لە داهاتوودا ئەم هاوکارییە هاوبەشانە لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.

جێی ئاماژەیە، لە دیدارەکەدا یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، تێیدا جەخت لەسەر دۆستایەتییە مێژووییەکەی نێوان گەلی کوردستان و فەرەنسا و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی پاریس بۆ سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.