ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2026، لە ژێر دروشمی "ژینگەی دهۆک ماڵی هەموومانە" و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەی پارێزگاری دهۆک، هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوەی ژینگە و لادانی پاشماوەکان لە ناوچەکانی قەسارا و زاوا ئەنجامدرا. ئەم هەڵمەتە بە مەبەستی پاراستنی سیمای شار و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو.
هەڵمەتەکە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی عوسمان سولەیمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک-ڕۆژئاوا و بە بەشداریی زیاتر لە 130 کەس لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوەچوو. تێیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی دهۆک و کۆمپانیای "البيئة"ی تایبەت بە پاککردنەوە، پاشماوە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە ناوچە گەشتیاری و گشتییەکان کۆکرایەوە و سیمایەکی پاک و خاوێن بە ناوچەکە بەخشرا.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە زنجیرە پڕۆژە و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ژینگە و پاراستنی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکاندا. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دهۆک-ڕۆژئاوا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان لەم جۆرە هەڵمەتانە تەنها پاککردنەوە نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامێکی پەروەردەییە بە هاووڵاتیان و نەوەی نوێ، تاوەکو هەمووان پێکەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژینگە و جوانیی دەڤەرەکەیان لە ئەستۆ بگرن و وەک ماڵی خۆیان تەماشای بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.