Erbil 31°C ھەینی 14 ئاب 16:58

وەزارەتی پەروەردە جلوبەرگی قوتابخانەکانی یەکخست

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری یەکخستنی جلوبەرگی ناوەندەکانی خوێندنی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە دایکوباوکان ئازادن لەوەی جلوبەرگی منداڵەکانیان لە هەر شوێنێک بکڕن کە بۆیان گونجاو بێت.

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، جلوبەرگی قوتابخانە حکوومی، نێودەوڵەتی، نموونەیی و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان هاوشێوە دەبن و هیچ ناوەندێکی خوێندن مافی ئەوەی نییە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا یان دوکاندارێک بکات بۆ ئەوەی بە زۆر جلوبەرگ بەسەر قوتابیاندا بفرۆشێتەوە.

ڕەنگی جلوبەرگەکان بەپێی قۆناغەکان بەم شێوەیە دەبێت:

  - باخچەی ساوایان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.

  - قۆناغی 1 تا 6 ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنورەی نیلی.

  - قۆناغی 7 تا 9 ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنورەی ڕساسی.

  - قۆناغی 10 تا 12 ی ئامادەیی: تیشێرتی ڕساسی و پانتۆڵ یان تەنورەی ڕەش.

لەبارەی کوالێتی و جۆری قوماشەکەوە، وەزارەتی پەروەردە مەرجی داناوە، بۆ تیشێرت و بلوز دەبێت ڕێژەی کەتان لە 70% کەمتر نەبێت و کێشەکەی 210 گرام بێت بۆ هەر مەتر مورەبەعێک. بۆ پانتۆڵ و تەنورەش دەبێت 50% کەتان و 47% پۆلیستەر بێت و کێشەکەی 270 گرام بێت.

هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە پۆشینی قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی ئازادە، بەو مەرجەی ڕەنگەکانیان لەگەڵ ڕەنگی جلوبەرگی قوتابخانەکاندا بگونجێت. وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند، کەتەلۆگی تایبەت بە شێواز و کوالێتی جلوبەرگەکان ئامادەکراوە و بازرگانان دەتوانن بەخۆڕایی لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان وەریگرن، تاوەکو بەپێی ئەو ستانداردانە جلوبەرگ بخەنە بازاڕەوە و ڕێگری لە بارگرانی دارایی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان بکرێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.