Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 13:14

راگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

کوردستان TV
100%

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان بەرێوەچوو بە نایاسایی ناو دەبات و ڕایگەیاند، ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین. 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛

راگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان و عێراق...
ئەمڕۆ، ١١ى نیسانى ٢٠٢٦، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەنکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە، هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!
بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەتدەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتیمان بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد کە دەبوایە دواى بایکۆت کردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە. لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسیۆنى پارتی لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکوومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان
١١ى ٤ى ٢٠٢٦
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.