بنیامین نەتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵای لوبنانی لە هەر شوێنێک کە بە پێویستی بزانێت. ئەم لێدوانەی نەتانیاھو دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان دێت بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 کەس.
نەتانیاھو لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند: "ئێمە بە هێز، وردی و پێداگرییەوە بەردەوامین لە لێدانی حزبوڵڵا." گوتیشی: "پەیاممان ڕوونە؛ هەر کەسێک دژی مەدەنییەکانی ئیسرائیل بجوڵێتەوە، لێی دەدەین. هێرشەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکوو ئاسایش بەتەواوی بۆ دانیشتووانی باکوور دەگەڕێتەوە."
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد کە تەنها لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا، 200 کەس کوژراون و زیاتر لە 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشە شەوانەکاندا دوو خاڵی پەڕینەوەی سەرەکییان کردووەتە ئامانج کە حزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی چەک و مووشەک لە نێوان باکوور و باشووری ڕووباری لیتانی بەکاریهێناون، جگە لە پێکانی 10 کۆگای چەک و ناوەندی فەرماندەیی.
لە بەرامبەر کوژرانی سەدان مەدەنی، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئەمڕۆ پێنجشەممەی وەک ڕۆژی ماتەمینیی نیشتمانی ڕاگەیاند و بڕیاری دا سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان دابخرێن و ئاڵای وڵات وەک ڕێزێک بۆ قوربانییەکان دابگیرێت.
لەلای خۆیەوە، گرووپی حزبوڵڵا ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە ژمارەیەک مووشەک مستەوتەنەی "مەنارە"یان لە باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بۆ ماوەی 2 هەفتە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕادەگرێت، بەڵام ئیسرائیل دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو ڕێککەوتنە لوبنان ناگرێتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.