جان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "فرانس ئینتەر"، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی لوبنان بە "قبوڵنەکراو" وەسف کرد و هاوسۆزی وڵاتەکەشی بۆ ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانی لە لوبنان ڕاگەیاند.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند: ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە چڕانە دەکەین کە تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا گیانی زیاتر لە 250 کەسیان سەند، کە ئەمەش زیاد دەبێت بۆ ئەو 1500 قوربانییەی لە سەرەتای ململانێکانەوە لە 2ی ئاداری ڕابردووەوە گیانیان لەدەستداوە. بارۆ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هێرشانە قبوڵنەکراون، بەتایبەت کە دەبنە هۆی لاوازکردنی ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستە کاتییەی دوێنێ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتە ئاراوە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئێران کۆتایی بە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی حزبوڵاوە بهێنێت و گوتی: پێویستە حزبوڵا بە پەلە چەکەکانی دابنێت و ڕادەستی دەوڵەتی لوبنانی بکات. هەروەها گوتیشی: نابێت لوبنان بکرێتە قوربانی بۆ حکومەتێکی شڵەژاو، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا پێکهاتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.