ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا توانیویانە یەکێک لەو فڕۆکەوانە ئەمریکییانە ڕزگار بکەن کە فڕۆکەکەیان لە ناو خاکی ئێراندا کەوتبووە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە لە ناو خاکی ئێراندا ئەنجامدراوە و فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی واشنتن پشتڕاستیان کردبووەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگییان بە دوو سەرنشینەوە لە ناو خاکی ئێراندا کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی فڕۆکەوانەکەی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.
ئەم ڕووداوە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو فڕۆکەیەکی ئەمریکییان بە بەرگرییە ئاسمانییەکان پێکاوە و خستوویانەتە خوارەوە، ئەمەش ئاستی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە لوتکە و مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکەی زیاتر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.