ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکەی جەنگی جۆری "ڕافاڵ"ی لە ئاسمانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی بنکە دەریایی و ئاسمانییەکانی لە هێرشەکانی ئێران.
فەڕەنسا سەدان سەربازی لە هێزەکانی دەریایی، ئاسمانی و زەمینی لە ئیمارات جێگیر کردووە. فڕۆکە ڕافاڵەکانی فەڕەنسا لە بنکەی "زەفرە" لە نزیک ئەبوزەبی جێگیرن.
بارۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (BFMTV)، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی فەڕەنسا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بۆ لەناوبردنی درۆنەکانی ئێران، وتی: "ئەم ڕافاڵانە و فڕۆکەوانەکانیان خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دامەزراوەکانمان."
بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد ڕۆژی یەکشەممە، "کۆگایەکی فڕۆکە لە بنکەیەکی فەڕەنسی لە ئیمارات لەلایەن درۆنێکەوە پێکراوە."
وتیشی: "گفتوگۆکان چڕکراونەتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی چۆن وڵاتەکە بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر هێرشەکانی داهاتوو، و چۆن فەڕەنساش بەرژەوەندییەکانی لەوێ بپارێزێت."
ڕۆژی شەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانیان کوشت.
ئێران بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو وەڵامی داوەتەوە و بە ڕاشکاوی هەڕەشەی بەرزکردنەوەی نرخی وزە دەکات، کە ئەوەش دەکرێت زیانێکی گەورە بە ئابووری جیهان بگەیەنێت.
کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیا "ئەمەزۆن" درەنگانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو لە سەنتەرەکانی داتای لە ئیمارات "بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ" لەلایەن درۆنەکانەوە پێکراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی کڵاود (cloud services) لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.