عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە مافی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگری کردن لە خۆی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاند: "تاران لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی ڕایگەیاند: "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشمان بکاتە سەر، ئێمە مافی تەواوی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین. هەر هێرشێکی ئەمریکا بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە دادەنرێت و ئەوەی ئێمەش وەک وەڵامدانەوە ئەنجامی دەدەین، تەنها بەرگرییە لە خۆمان."
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەر وەڵامدانەوەیەکی وڵاتەکەی "ڕەوا و شەرعی" دەبێت. سەبارەت بە کوالێتی و شوێنی وەڵامدانەوەکەش گوتی: "بەوپێیەی مووشەکەکانمان توانای گەیشتن بە خاکی ئەمریکایان نییە، بۆیە بە شێوەیەکی سروشتی دەبێت کارێکی دیکە بکەین، ئەویش لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.