ئەحمەد شەڕع، سەرۆککۆماری سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژخایەنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا پەرەسەندنەکانی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاسۆکانی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا، ئەحمەد شەڕع جەختی لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریی نیشتمانی و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە "سووریای نوێ" پەیڕەوی سیاسەتی کرانەوە دەکات و دەیەوێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی یەکدی، لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دیپلۆماسییەکی چالاک" تەنها ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە درێژخایەنەکانی ناوچەکە.
شەڕع هۆشداریشی دا لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕێکخراوی داعش.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ پشتگیریی واشنتنی بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەهێز دووپاتکردەوە. ترەمپ دەستخۆشی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان وەسفی کرد.
خاڵێکی گرنگی پەیوەندییەکە، ستایشکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانە بوو لە لایەن ترەمپەوە کە تایبەتن بە "تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان، لەوانەش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە ڕێگەی هاندانی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ڕاکێشەر بۆ سەرمایەگوزاران. ترەمپ جەختی کردەوە کە سەقامگیریی ئابووریی سووریا، بەشێکی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ سەقامگیریی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.