سەرۆكی ئەمریكا دژایەتی خۆی بۆ بەربژێركردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند و جەختی كردەوە "ئەگەر ئەمە روو بدات هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق رادەگیرێت".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمشەو سێشەممە لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ( تروس سۆشیال) نووسیویەتی "بیستوومە کە رەنگە عێراق بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران".
هەروەها نووسیویەتی "دوایین جار کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە كەوتبووە ناو هەژاری و پاشاگەردانییەکی گەورە و نابێت رێگە بدرێت ئەمە دووبارە بێتەوە".
سەرۆكی ئەمریكا هەروەها نووسیویەتی "ئەگەر نووری مالیكی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات، ئەگەریش ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ چانسێكی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن و ئازادی نابێت".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی پۆستەكەدا نووسیویەتی "دووبارە عێراق مەزن بکەنەوە".
لە كۆبوونەی رۆژی شەممەی رابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی عێراق، بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیكی وەک بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری كرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.