هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بەفەرمی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانیان لە كەمپی هۆل راگەیاند كە هەزاران ماڵباتی تیرۆریستانی داعشی تێدایە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە كەمێك پێش ئێستا لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە "بەهۆی بێباکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پرسی داعش و شکستهێنانی ئەرکەکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە جدییە، هێزەکانمان پابەندکران بە کشانەوە لە کەمپی هۆل".
بڵاویشی كردەوە "هێزەكانمان كشاونەتەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارەکانی باکوری سووریا کە ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەکان دەبنەوە".
لە دوێنێوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق هێرشەكانیان بۆ سەر كەمپی هۆل دەستپێكردووە كە بەگوێرەی دوایین ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كەمپەكە نزیكەی 56 هەزار كەس لە كەسوكاری چەكدارانی داعشی تێیدا دەژی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.