دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر رووبەڕووی توندوتیژی و كوشتن ببنەوە، پڕ چەكین و ئامادەین باهانایانەوە بچین.
ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكات و بیانكوژێت، وەك پیشەی رابردووی، ئەوا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهانایەوە دەچێت".
سەرۆكی ئەمریكا هەروەها رایدەگەیەنێت "ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین و پڕ چەكین".
ماوەی هەفتەیەكە لە شارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ كردووە بەهۆی خراپی گوزەران و دۆخی ئابووری وڵات و دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەكان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا 7 كەس گیانیان لەدەستداوە، دەیانی دیكەش بریندار بوون.
دوێنێ پێنجشەممە خۆپیشاندەران لە شاری ئەزنا لە سنووری پارێزگای لوڕستانی رۆژئاوای ئێران، هێرشیان كردە سەر بنكەی پۆلیسی شارەكە و چەند ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پۆلیس سوتێنران، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكانی هەردوولا 3 كەس كوژران و 17 كەسی دیكە بریندار بوون.
بەهەمانشێوە لە شاری خوڕەم ئاباد لە پارێزگای مازندەرانیش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس دروستببوو، خۆپیشاندەران دروشمی دژی حكوومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیان دەگوتەوە، بەهۆیەوە هێزەكانی پۆلیس ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیر كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.