Erbil 31°C ھەینی 18 ئەیلوول 21:45

عەباس عێڕاقچی: بۆ شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل ئامادەین و تووشی شکستی دەکەین

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئەزموونی لە شەڕی 12 ڕۆژە وەرگرتووە و بۆ هەموو ئەگەرەکان و بەرەنگار بوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل ئامادەیە.

عەباس عێراقچی لە گفتوگۆیەکدا کە ئاژانسی ئیسنا کورتەیەکی لێ بڵاو کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و هەر جۆرە هێرشێکی دەستدرێژیکارانە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پێشبینی دەکەین. گوتیشی لە باڵاترین ئاستی ئامادەباشیداین و ئیسرائیل لە هەر شەڕێکی داهاتوودا ڕووبەڕووی شکست دەکەینەوە.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوان لە شەڕی 12 ڕۆژەدا مووشەکەکانی خۆیان لە شەڕێکی ڕاستەقینەدا تاقی کردەوە و ئەزموونێکی باشیان بەدەست هێناوە.

عێراقچی جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات بەڵام هیچکات دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی هەڵناگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد "دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە بەڵام ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی قبوڵنەکراوی داناوە و ئێمە ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک لەسەر بەرنامەی مووشەکیی خۆمان دانوستان بکەین لەبەر ئەوەی هیچ مرۆڤێکی ئاقڵ چەککرانی خۆی قبوڵ ناکات. عێراقچی جەختیشی کردەوە ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هەروا لە ژێر داروپەردووی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی بۆردومان کرابوون ماوەتەوە و نەگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. گوتیشی بینا و ئامێرەکانی ئێمە زیانیان پێ گەیشتووە بەڵام تەکنەلۆژیاکەمان لە جێی خۆیەتی.

ئەم قسانەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی عوممان داوای لە هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.