وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، کێشەی 30 ساڵەی کارەبا چارەسەر دەکرێت و لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 4200 مێگاوات، کە 1840 مێگاواتی لەم کابینەیەدا زیادیکردووە. هەروەها ئاشکرای کرد، 4 ملیۆن هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوون و 80%ـیان پارەیەکی کەمتر دەدەن.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی دەستکەوتەکانی وەزارەتەکەی لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا خستەڕوو.
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، لە ئێستادا 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، کە 1840 مێگاواتی لەم کابینەیەدا زیادیکردووە. ئەم زیادبوونەش لە ڕێگەی کاراکردنی وێستگەکانی بازیان (750 مێگاوات)، خۆرمەڵە (500 مێگاوات)، هەڵمی خەبات (300 مێگاوات)، گەرمیان (165 مێگاوات)، دێرەلووک (38 مێگاوات) و چەند وێستگەیەکی دیکەوە بووە.
هاوکات، پرۆژەی ڕووناکی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستادا 4 ملیۆن هاووڵاتی، واتە 50%ـی دانیشتووان، سوودمەندن لە کارەبای 24 کاتژمێری و 80%ـیان پارەیەکی کەمتر دەدەن.
کەمال محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، "توانیمان ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاک بۆ سەرووی 84% بەرز بکەینەوە"، وێستگەی 165 مێگاواتیی گەرمیان نموونەیەکی دیارە کە بۆ یەکەمجار سوود لە غازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان وەردەگرێت.
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، دانانی پێوەری زیرەک بۆ زیاتر لە 1.3 ملیۆن هاوبەش، بووە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە 45%ـەوە بۆ 31%، کە 14%ـی داهاتی بەفیڕۆچووی گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی حکوومەت.
سەبارەت بە پرۆژەکانی ژێرخان، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە جێبەجێکردنی 3353 پرۆژە لە کەرتی دابەشکردن و 61 پرۆژە لە کەرتی گواستنەوەدا کرد، لەوانە دامەزراندنی وێستگەی نوێ و ڕاکێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز لە نێوان شارەکاندا.
لە کۆتاییدا، وەزیری کارەبا دووپاتیکردەوە، تا کۆتاییی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.