کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتایی پێ هێناوە. سۆمۆ دەڵێت، "ئامادەین بۆ وەرگرتنی نەوتەکە و هەناردەکردنەوەی بۆ ئەوروپا".
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوول، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند: کە هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتایی پێ هێناوە.
عەلی نەزار شەتڕی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روویداوە، پەیوەندیی بە لێکتێگەیشتن و دانانی میکانیزمی کارکردنەوە هەیە و یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت".
هەروەها روونیکردەوە: "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا کاردەکەن، چونکە نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عێراقە، تایبەتمەندییەکەش لە سرووشتی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لەوێ کاردەکەن".
گوتیشی: "حکوومەتی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە و لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەمبارەیەوە بەدەستهاتووە. هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا".
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەناردە ناکرێت و بەپێی یاسای بودجەی 2025، بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاردەهێندرێت و بڕە زیادەکەشی دەبێت هەناردە بکرێت.
شەتڕی جەختی کردەوە: "کۆمپانیای سۆمۆ هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکان کۆتایی پێهێناوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوتەکە، هەرکات لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کرا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، شکۆی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بازاڕی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی لەژێر سێبەری قەیرانی رووسیا-ئەوروپادا، چونکە نەوتی عێراق لە رووی جۆرەوە هاوشێوەی نەوتی رووسیایە".
لە کۆتاییدا، عەلی نەزار شەتڕی رایگەیاند: "سۆمۆ تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە و پەیوەندییە گرێبەستییەکە لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا دەمێنێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.