سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەم هەفتەیەدا نێردەی تایبەتیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەبارەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا رەوانەی مۆسکۆ دەکات و رایگەیاند؛ "دەمەوێ رێککەوتن بکرێت و چیتر خەڵک نەکوژرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممە، یان پێنجشەممە ستیڤ ویتکۆف سەردانی رووسیا دەکات".
تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی وردەکاریی ناوەڕۆکی سەردانەکەی نێردەی ترەمپی بۆ رووسیا روون نەکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "لەدوای ئەو گرژییەی لە نێوان من و سەرۆککۆماری پێشووی رووسیا روویدا، دوو ژێردەریاییم رەوانەی ناوچەکە کردووە".
گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک هەوڵی ناوبژیوانی نێوان رووسیا و ئۆکراینای دا بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام دواتر سەرۆکی رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە گفتوگۆکاندا راگرتنی شەڕ پەسند دەکات و دوای تەواوبوونی گفتوگۆ "بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردن و کوشتنی خەڵک".
تاوەکو ئێستا دوو جار کیەڤ و مۆسکۆ گفتوگۆیان لەبارەی ئاگربەست کردووە و هەردوو جار لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانیان رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆسکۆ ملی بۆ راگرتنی شەڕ نەداوە و کرێملن دەڵیت، پوتین چەند ئامانجێکی هەیە لەو شەڕە، تاوەکو ئەو ئامانجانەیان نەپێکن، شەڕ بەردەوام دەبێت.
مۆسکۆ خوازیاری ئەوەیە چەند ناوچەیەکی کیەڤ بخاتە سەر خاکی رووسیا و دڵنیایی وەربگرێت کە ئۆکراینا بە ئەندامێتیی ناتۆ وەرنەگیرێت، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو ملنەدانانەی مۆسکۆ کۆمەڵێک چەکی پێشکەوتوویان خستە خزمەت سوپای ئەو وڵاتە و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای لە رووسیا کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.