رۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەر و نێردەی وڵاتان لە ئەمریکا و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەسایەتییە ئایینیەکان لە نەتەوە جیاوازەکان رۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) رۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان رۆژی نزای نیشتیمانی بەێوەدەچێت، لەم ڕۆژە دا سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکی وتارەکەیدا وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی قەداسەتی پاپا فرانسیس، جەختی لەوە کردەوە کە کەلتووری پێکەوەژیان و یەکترقبولکردن و ئازادی بیروڕای دین و مەزهەب لە دێر زەمانەوە لە کوردستان هەیە و شانازی پێوە دکەین و داکۆکی دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ڕێگەیە.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە خوداپەرستی خاڵێکی هاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی ئایینە جیاوازەکان لەسەر ئەو بنەمایەی کە حەق جیاناکرێتەوە و ڕێگا زۆرە بۆ گەیشتن بە حەق، هەروەک هەموو ئەو ئایینە پیرۆزانەشی کە حەقیقەتی وەحدانیەتی خودایان قەبووڵە، هەموویان بە دوای ئەو ڕاستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەموویان بگیردرێت، جەوهەری دینیش ئەخلاقە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای دەسەڵاتی مەشیخەتی بارزان بە رابەرایەتیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی، رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەكان و یەكتری قەبووڵكردن بەشێكی سەرەكیی بیروباوەڕی ئێمە بووە.
دەقی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی؛
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەكی بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم، میوانە بەڕێزەكان.
بەخێربێن بۆ كوردستان، لانكەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.
پێش ئەوەی دەست بكەم بە وتارەكەم، دەمەوێ جارێكی تر رایبگەیەنم، هاوبەشی هەموو مرۆڤدۆستانین لە جیهان بۆ لەدەستدانی پیاوێكی گەورەی ئاشتیخواز، مرۆڤدۆست، ئەویش قەداسەتی پاپا.
ئەمە یەكەمجارە كۆبوونەوەیەكی وا لە كوردستان رێك دەخرێت و مەبەست ئەوەیە كە جیهان ئاشنا ببێت بەو كەلتوورە دەوڵەمەندەی كە لە كوردستان هەیە و لە دێر زەمانەوە ئەو كەلتوورە لە كوردستان هەبووە، ئەویش كەلتووری پێكەوەژیان و یەكتری قەبووڵكردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزهەبە. ئەو كەلتوورەیە كە ئێمە شانازیی پێوە دەكەین و داكۆكیش دەكەین كە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێگایە. ئومێدەوارم كە ئەم كۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو برایەتییە و ئەو پێكەوەژیانە لە كوردستان قووڵتر و فراوانتر ببێت.
خوداپەرستی خاڵێكی هاوبەشە بۆ كۆكردنەوەی ئایینە جیاوازەکان، حەق جیا ناكرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگەی زۆرە و ئایینە پیرۆزەكان هەموویان كە حەقیقەتی وەحدانیەتی خودایان قەبووڵە، هەموویان بە دوای ئەو راستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەموویان بگیرێت، جەوهەری دینیش ئەخلاقە.
رومی دەفەرموێت: حەق وەك لوتكەی چیایە، چەندین رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە لوتكە، بەڵام ئامانج یەكە، ئەویش گەیشتنە بە حەق.
لە سەرەتای دەسەڵاتی مەشیخەتی بارزان بە رابەرایەتیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی، رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەكان و یەكتری قەبووڵكردن بەشێكی سەرەكیی بیروباوەڕی ئێمە بووە، ئەمەش پشت بەستنە بە فەرموودەی خوای گەورە كە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی:
بسم الله رحمن الرحیم
(يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ).
ئەمە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزە و رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی چۆن ئێمە لەسەر ئەو بیروباوەڕە بەردەوام بین كە ئەویش پێكەوەژیان و یەكتری قەبووڵكردنە.
بە درێژایی مێژوو، كاتێك هێرش دەكرایە سەر كوردستان، زۆرداران هیچ فەرق و جیاوازییەكیان نەدەكرد لە بەینی موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و هەموو گوندەكانیان سوتاند، هەموو راگوێزران، هەموویان كۆمەڵكوژ كران، زیندەبەچاڵ كران. ئاخیریشی شەڕی داعش كە جیاوازییان نەكرد لە نێوان موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دا. لە مقابلی ئەوەدا پێشمەرگە قارەمانەكان بە گیانفیداییەكی بێ وێنە بەرگرییان لە هەموویان كرد و ئستورەی داعشیان تێكشكاند، بەڵام بە باجێكی زۆر زۆر گەورە ئەویش نزیكەی 12 هەزار شەهید و بریندار.
با ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ لەمەودوا كە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی هەموومان بزانین پێش هەموو شتێك، هەموومان بەندەی خواین و لە مرۆڤایەتیدا هەموومان خوشك و برای یەكترین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.