دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026، دەنگیی ناڕازیی لەسەر خیسۆس کاساسی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە دروست بووە و داوای دوورخستنەوەی دەکرێت.
شەوی ڕابردوو هەڵبژاردەکانی عێراق لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی لە دوا ساتەکاندا تووشی شکست هات بەرامبەر فەڵەستین، هەڵبژاردەی فەڵەستین بە ڕیمۆنتادایەک سێ خاڵی بەنرخی لە هەڵبژاردەی عێراق وەرگرت، دوای ئەم دۆڕانە و هەڵبژاردەی عێراق هێندەی تر هەڵبژاردەکەی لە سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و بە دووەمی کۆمەڵەکەی دوورخستەوە، ئەوەش نیگەرانی عێراقییەکانی لێ کەوتووەتەوە و داوای دوورخستنەوەی خیسۆس کاساس ڕاهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی عێراق لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی عێراق دەکرێت.
پێدەچێت دوورخستنەوەی کاساس لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کارێکی ئاسان نەبێت، بەو پێیەی وەک بڵاوکراوەتەوە مووچەی ساڵانەی کاساس کە لەگرێبەستەکەیدا هاتووە 1 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە و گرێبەستەکەشی تاوەکو ساڵی 2027 دەبێت لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەپێی یەکێک لە بەندەکانی گرێبەستەکە هەر لایەنێکیان داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بکات پێش وادەی خۆی، ئەوا پێویستە 500 هەزار دۆلار وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوە بدات، هەر بۆیە بەپێی زانیاریی شارەزایان یەکێتی تۆپی پێی عێراق پێناچێت لە ئیستادا توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەی بە ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە هەبێت و بتوانن ڕاهێنەرەکە لە پۆستەکەی دووربخەنەوە.
هەڵبژاردەی عێراق دوای دۆڕانەکەی بە هەڵبژاردەی فەڵەستین، بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە و یاریی داهاتووشی بەرامبەر هەبژاردەی کۆریای باشور دەبێت کە ئەمیان بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە، بەمەش ئەرکی هەڵبژاردەی عێراق بۆ گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە دووەمی کۆمەڵەکەی بۆ جامی جیهانی 2026 هێندەی تر سەخت دەبێت بە تایبەت کە تاوەکو ئێستا کۆریای باشور گشت یارییەکانی بردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا 7 هەڵبژاردە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەرکەوتوون کە بڕیارە لەساڵی داهاتوو بە بەشداری 48 هەڵبژاردە بەڕێوەبچێت و هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداری بەڕێوەچوونی یارییەکان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.