هەڵبژاردەی ئێران بووە دووەم هەڵبژاردەی كیشوەری ئاسیا، بەفەرمی خۆی بگەیەنێتە یارییەكانی كۆتایی مۆندیالی 2026.
ئەمشەو سێشەممە لە چوارچێوەی كۆمەڵەی یەكەمی قۆناغی كۆتایی یارییەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئێران مێوانداریی هەڵبژاردەی ئۆزبەكستانی كرد.
یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ كۆتایی هات، بەمەش هەڵبژاردەی ئێران ژمارەی خاڵەكانی كردە 20 و بەفەرم و بەیەكەمی كۆمەڵەی یەكەم خۆی گەیاندە یارییەكانی مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی ئۆزبەكستانیش هیوای سەركەوتنی بۆ مۆندیال بەهێزە و ئێستا بە كۆكردنەوەی 17 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەكەیدایە.
رۆژی پێنجشممەی هەفتەی رابردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن وەك یەكەم هەڵبژاردەی كیشوەری ئاسیا سەركەوتنی بۆ یارییەكانی كۆتایی مۆندیالی 2026 مسۆگەر كردبوو، دوای ئەوەی بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی بەحرێنی بردبووەوە.
بڕیارە مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە هەریەك لە وڵاتانی ئەمەریكا، مەكسیك و كەنەدا بەڕێوەبچێت، یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بۆ یەكەمجار لەم مۆندیالەدا ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی لە 32 هەڵبژاردەوە كردە 48 هەڵبژاردە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.