له لێدوانێكدا کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کلێسای کلدانی لە عێراق باسی له كێشه و گرفتی كرستییانهكان له عێراق دهكات و دهڵێت: كرستیانهكان له عێراق به دهست دهیان كێشهوه دهناڵێنن و لهلایهن میلیشیاكانهوه ههوڵی گۆڕینی دیموگرافیای خاكهكهیان دهدرێت بهتایبهتی له دهشتی نهینهوا.
کاردینال لویس ساکۆ لە میانەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کارگێڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە كرستیانهكان بەدەست چەندین ئاستەنگەوە دەناڵێنن، دیارترینیان "کۆچبەری، پەراوێزخستن، بێکاری و بەدەستهێنانی تواناکانیانه".
جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە گەشەپێدانی کۆمەڵگا، بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی و رێزگرتن لە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و مافی خەڵک بۆ ژیانێکی شایستە و ئەمەی بە ئەرکێکی بنەڕەتی نەتەوەیی و ئەخلاقی زانی بۆ مسۆگەرکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵگا.
هەروەها داوای کرد "بهش لەنێوان کۆمەڵگەی كرستیاندا سنووردار بکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی کێ نوێنەرایەتی دەکات و دۆسیەی ئاسایشی شارۆچکەکانی دەشتی نهینهوا رادەستی پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانانی خەڵکی ناوچەکە بکرێت بۆ ئەوەی متمانەیان بە داهاتوو بگەڕێننەوە."
لەم چوارچێوەیەدا، خالید جەمال بەڕێوەبەری گشتی کاروباری كرستیانهكان لە هەرێمی کوردستان بە میدیاكانی گوتووە "بارودۆخی كرستیانهكان لە سەرانسەری عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا خراپتر بووە، بەهۆی كهمتهرخهمیی حکوومەت لە بنیاتنانەوەی ناوچە و ماڵ و کڵێساکانیان کە لە شەڕی دژی داعش وێران بوون".
جەمال گوتیشی "ئێستا زۆرینەی كرستیانهكان لە عێراق لە هەرێمی کوردستان و دەشتەکانی نەینەوا چڕبوونەتەوە".
ئەو گوتیشی "كرستیانهكانی ناوچەکە وەک پێکهاتەکانی تر لە رووی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بەڵام کێشەی كرستیانهكان لە دەشتی نەینەوا ئاڵۆزترە، چونکە ئەوان بەدەست ناکۆکی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیكە و دەستێوەردانی حەشدی شەعبی لە کاروبارەکانیاندا دەناڵێنن".
نەوزاد بولوس سەرۆکی دەزگای سورەیا بۆ کەلتوور و میدیا دەڵێت "كرستیانهكان بەدەست پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنەوە دەناڵێنن و ئەمەش وای کردووە زۆربەیان کۆچ بکەن".
هۆشداریشی دا لە شێواندنی ناوچە كرستیانهكان لە دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی تەلکیف و حەمدانیە. ئەمەش ئاماژەیه به هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا.
ههروهها ئاماژهی بهوه دا كه ئەم ناوچانە "بەتەواوی كرستیانن و دەبێت ناسنامە و کەلتووریان بپارێزرێت" بە ئاسایی کردنەوەی ئەو ناوچانە بە سەرباز و پاسەوانیی خەڵکەکەیان، نەک راکێشانیان بۆ نێو ململانێکان.
بولوس گوتی "كرستیانهكانی دەشتەکانی نەینەوا زیاتر لە 170 هەزار کەس بوون پێش ئەوەی داعش ناوچەکەیان داگیر بکات".
بەگوێرەی وتەكانی بۆلۆس، ژمارەی كرستیانهكان لە دەشتەکەدا بۆ 60 هەزار كهس کەم بووەتەوە لەبەر چەند هۆکارێک، دیارترینیان ناسەقامگیری ئەمنی و سەرنەکەوتنی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە پێدانی قەرەبوو بۆ ئاوەدانکردنەوە.
گوتیشی "زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە كرستیانهكان دەکرێت لە دەشتەکانی نهینەوا لەلایەن رێکخراوەکانی مرۆییی بیانییەوە پێشکەش دەکرێن کە بەشدارییان کردووە لە ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکانیان و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک کڵێسا".
بۆلۆس هیوا دهخوازێت ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ رۆڵی هەبێت لە پاراستنی مافەکانیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، لیوای 50ی حەشدی شەعبی و باڵی بابلیۆن كه رهیان كلدانی سهرۆكایهتی دهكات، بەربەستی سەرەکین لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەشتەکانی نەینەوا.
وهزارهتی خهزێنهی دهمهریكا ئاماژهی بهوهش كردووه كه لیوای 50 بە شێوەیەکی سیستماتیک ماڵەکانی كرستیانهكان لە باتنایا تاڵان کردووە، کە هەوڵ دەدات لەژێر دەسەڵاتی دڕندانەی داعشدا چاک ببێتەوە. دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا گرت و بە نایاسایی فرۆشت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.