Erbil 12°C دووشەممە 27 کانوونی دووەم 20:20

عارف ڕۆشدی: پشتگیریی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی سووریا، پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وەرگرت

کوردستان TV
100%


لقی 6ی ئەوروپای پارتی، سیمینارێکی بۆ عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەژێر ناوی "دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان" سازکرد. لە سیمینارەکەدا تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ناوچەکە و سووریا و گوتی "ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی سووریا پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وەرگرت". 

لە سەرەتای قسەکانیدا عارف ڕۆشدی گوتی "ئێمە بەشێکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکراوین. وەک نیشتمان و وەک نەتەوە بە بەردەوامی لە هەموو بەشەکانی کوردستان چەوسێنراوینەتەو، ڕاستە ئێمە لە بەشێکی کوردستان سەربەخۆییمان هەیە و خاوەنی کیان و حکوومەتی خۆمانین، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە ناوەند لە بەغدا حوکمڕانە، نەیتوانیوە خۆی لە خۆپەرستی و تاکڕەوی ڕزگار بکات". 

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بگەینە چارەسەر و نەرمیی زۆرمان بەرامبەریان نواندووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام بەداخەوە بێ ئەنجام بووە و گەیشتووەتە ئاستێک کێشەکان یاری بە هەموو پیرۆزییەکانی کوردستان دەکەن. 

بەداخەوە لە کوردستان بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی هەیە، ملکەچ یان لادەر پەیدا بوون و هەندێ قەڵەم بەدەستی بەناو ڕۆشنبیریان تێدایە ئاو دەکەنە ئاشی ئەو چەوساندنەوەیەی لە دژی کوردستان دەکرێت لە بەغدا. 

ئەو بڕیارانەی کە لە بەغدا دەردەچن، بە تایبەتی لە دادگای فیدراڵی، ئەگەر پاڵپشتی و دەستخۆشیی ئەو لایەنانە نەبێت، عێراق ناتوانێت وا بە ئاسانی ستەممان لێ بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی ڕەسەنی کوردایەتی، توانا و ئامادەییەکی زۆر باشی هەیە لە ڕاگرتنی پارسەنگەکان، چ لە لایەن هەرێم و چ لە لایەن عێراقەوە". 

 

عارف ڕۆشدی دەشڵێت "سیاسەتی پارتی، سیاسەتێکی نیشتمانییە، ئەگەر لە من بپرسن پارتی حزبە، من دەڵێم پارتی لە حزب فراوانترە، چونکە پارتی بزووتنەوەیەکی سیاسیی میللی دیموکراتە و خاوەن پڕۆژەیەکی نیشتمانی.نەتەوەییە، هەروەها بوونی ڕێبەرێکی وەک جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا وەک سەرۆکی پارتی نازانین، بەڵکو وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی خەمخۆری نیشتمان و گەلەکەیەتی.

لەبەر ئەوەش نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی دیش لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە لای جەنابیان، ئێستا لە سووریا ئاڵەنگارییەکان دوو بەرانبەر بوونەتەوە و تورکیا باڵادەستە و کارەکتەری سەرەکییە لە گۆڕەپانەکەدا، ڕاستە ئێستا پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی لە سووریا بۆ کورد هەیە بەڵام هێشتا نەگوازراوەتەوە بۆ مەیدانی سیاسی و پاراستنی مافەکان، زیاتر پێداگرن کە ئەم هێزانە شەڕکەری باشن". 

لە کۆتایی سیمینارەکەدا عارف ڕۆشدی گوتی "ئەم ماوەیە لەسەر کێشەی کورد لە سووریا زۆر لایەن هاتنە سەر خەت، دواجار دیدارێک جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ مەزڵوم عەبدی ڕێکخرا، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وەرگرت وەک وڵاتە زلهێزەکان، ئەگەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بیانەوێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن، پێویستە پابەندی رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بن". 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.