ڕۆژنامەیەكی فڕەنسی زانیاری نوێی لەبارەی چۆنییەتی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا لە دیمەشقی پایتەخت و چوونی بۆ رووسیا بڵاو كردەوە.
رۆژنامەی (لۆ فیگارۆ) لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمنی سووریا بڵاوی كردەوە: بەشار ئەسەد لەگەڵ حافزی كوڕە گەورەی و بەشێك لە یاریدەر و بەرپرسانی باڵای ئەمنی بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك لە شەوی 7ی كانوونی یەكەم دیمەشقیان جێهێشتبوو.
بەشار و كوڕەكەی و بەرپرسان لەژێر زەوییەوە و لە رێگەی تۆنێلێك كە كۆشكی سەرۆكایەتی بە فڕۆكەخانەی مزەی سەربازی دەبەستەوە هەڵهاتبوو، تۆنێلەكە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و ئالۆزییەكانی سووریا دروستكرابوو.
بەشار و یاوەرەكانی بە فڕۆكەیەكی تایبەت راستەوخۆ بەرەو بنكەی سەربازیی حەمیمیمی رووسی بەڕێ كەوتبوون.
رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: بڕیاری هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لەناكاو بووە و پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو و هیچ كەسێكیشی لێ ئاگادار نەكرابووەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەكدارانی دەستەی تەحریری شام بەتەواوی لە دیمەشق نزیك ببوونەوە.
سەبارەت بە هەڵهاتنی براكەی بەشار ئەسەد، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە دا كە ماهیر ئەسەد ئاگاداری هەڵهاتنی بەشار ئەسەد نەبووە، تەنانەت 36 كاتژمێر دوای كەوتنی دیمەشق، ئەو هەر لەنێو خاكی سووریا مابووەوە، بەڵام دواجار بە هێلیكۆپتەرێك وڵاتەكەی جێهێشتبوو.
چەند كاتژمێرێك دوای كەوتنی دیمەشق و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی دەستەی تەحریری شام، كۆشكی كرملین شەوی 8ی ئەم مانگە ئاشكرای كرد كە بەشار ئەسەد لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی گەیشتوونەتە مۆسكۆ و داوای مافی پەنابەرییان لە رووسیا كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.